یاسا وه‌ک خۆی

نوسه‌ر : یۆسف شه‌هبازی نووسه‌ر
رووناک بیری ئیندرقاش
  له‌ ناو لاپه‌ڕه‌کانی مێژوودا خه‌بات وتێکۆشانی بێوچانی گه‌لانی سه‌رگؤی زه‌وی له‌ پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خؤیی به‌ فره‌وانی دێته‌ به‌رچاو. به‌ڵام له‌ بازنه‌ی عه‌داله‌ت و به‌رامبه‌ری که‌ وه‌دی هاتنی ئه‌ویان ئازدیش له‌ ته‌ک خۆی به‌ دیاری ده‌هێنێ به‌ ده‌گمه‌ن نوسراوه‌و حه‌ولی بۆ دراوه‌. ئه‌وه‌نده‌ی خۆمان له‌بیرمانه‌ و مێژوو بۆمان ده‌گێرێته‌وه‌ ئازادی سه‌ربه‌ستی له‌ گه‌ل و هۆزمان نامۆیه‌ و له‌ جه‌نابیان بێ به‌شین.
    ئه‌رێ تۆ بڵه‌ی له‌ بان دۆزی عه‌داله‌ت که‌ گرینگ و بایه‌خی له‌ ئازادی گه‌ر زیاتر نه‌بێ که‌متریش نێ، ئایا هێشتا کاتی وه‌ی نه‌هاتوه‌ له‌م پرۆسه‌ ئه‌سته‌م چاره‌نووس سازه‌دا که‌ هه‌م بواری نه‌ته‌وه‌یی و هه‌م دین و مه‌زهه‌ب ده‌گرێته‌وه‌ زیاتر ورد بینه‌وه‌. بێ شک هێنانی دیارده‌ی عه‌داله‌ت بۆ ناو چینه‌کانی خه‌لک ته‌نیا و ته‌نیا به‌ قۆڵی هیممه‌تی یاساکانی مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ و به‌س. یاسا ڕۆله‌ی کۆمه‌ڵه‌ و جه‌ماوه‌ری نوێیه‌ و به‌ هیچ شێوازێک له‌ پاڵ حوکمی فیقهی و شه‌رعیدا ناگونجێ.بنه‌ماکانی یاساش بریتی له‌وانه‌ن که‌ بڤه‌و قه‌ده‌خه‌ن و مرۆڤ له‌ زێده‌ره‌وی و دونیا به‌که‌یفی خۆمه‌، ده‌گێرنه‌وه‌.

   

    تاقمێک له‌ پسپۆرانی یاسازان ڕایان وایه‌ نه‌ته‌نیا یاساکانی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵکو یاسا زانستی و ته‌جروبێکان ئه‌وانیش له‌ بازنه‌ی نه‌هی لێکراوه‌کان دان؛ به‌و مانایه‌ که‌ بۆ ناسینی سنوره‌کانی سروشتی تا چ ئاستێک ده‌توانین برۆینه‌ پێش و کامه‌ خه‌تی سووره‌ و ده‌بێ ڕابوه‌ستین. بۆی هه‌یه‌ له‌ هه‌مبه‌ر یاساکانی سروشتی و ته‌جروبیدا دوودڵ بین، به‌ڵام خۆ له‌ بابه‌ت یاسا مه‌ده‌نی و سیاسێکاندا ناکرێ و ناشبێ دڕ دۆنگ بین. به‌نی ئاده‌م ئه‌گه‌ر بێ له‌ به‌ر چاوگڕتنی یاساکان بخوازێ، به‌ دڵی خۆی بجولێته‌وه‌ و نه‌زم و نیزام له‌ ژیانی کۆمه‌ڵگادا تێک ده‌ڕمێ. هه‌ر بۆیه‌ش پێویسته‌ حه‌د و سنووره‌کان بپارێزێ و سه‌د هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ بگوترێ ئامرازی پارێزه‌ر و دیاریکه‌ری سنوره‌کانیش یاسایه‌و یاسا! 

دادوه‌ری

هه‌رکات یاساکان له‌ قۆناخی قه‌ده‌خه‌ و نه‌هی لێکراوه‌کاندا بن، ئه‌م پرسیاره‌ دێته‌ ئاراوه‌ که‌ چ مه‌قام و حوکمێک بۆی هه‌یه‌ ده‌سه‌لاتی خه‌لکان به‌رته‌سک کاته‌وه‌ و به‌شێک له‌ مافه‌کانی بیهه‌ستێنێ و به‌شێکی تر له‌ ئازادێکانی زه‌وت و قه‌پات کا؟ به‌م جۆره‌ی کوتمان کاراکته‌ری یاساکان سڕینه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌ ئازادێکانه‌، په‌س ئێمه‌ چلۆن ده‌توانین له‌ ئاستی ئه‌م په‌یامه‌دا ملکه‌ج بین؟ ئه‌م پرسیاره‌ له‌ ته‌ک عه‌داله‌تا له‌ په‌یوه‌ندی دایه‌، چونکه‌ جه‌نابی عه‌داله‌ت له‌ مافه‌ ڕه‌واکان ده‌دوێ و یه‌کێ له‌ پێناسه‌ سه‌ره‌کی و قه‌بوول کراوه‌کانی بریتیه‌ له‌ دانی مافه‌کان.

      عه‌داله‌ت له‌ یاسادا یه‌که‌مین مه‌رجی یاسایه‌ که‌ تێیدا شکمان نیه‌. ئێستا پرسیار ئه‌مه‌یه‌ که‌ کام سه‌رچاوه‌ و مه‌رجه‌ع و ده‌سهه‌لات ده‌توانێ یاساکان دابه‌زێنێ؟ ئایا له‌ هه‌ر شوێن و له‌ لایه‌ن هه‌رکه‌سێکه‌وه‌ حوکمێک بدرێ ده‌بێ به‌رێوه‌ بچێ؟ ئایا کاکی حوکمده‌ر چونکه‌ لای خۆی حوکمه‌که‌ی عادلانه‌یه‌ بۆ مه‌مانان فه‌رزی و ئه‌رکی سه‌رشانه‌ و ده‌بێ هه‌روابێ!

زۆربه‌ی زانایانی ئایین ڕایان وایه‌ که‌ به‌نی ئاده‌م جگه‌ له‌ حه‌ق و مافانه‌ی شه‌رع و مه‌زهه‌ب بۆی دیاری کردووه‌ ناتوانێ و حه‌ق نیه‌ داوای مافی تر بکا هه‌ر بۆیه‌ش کاتێک حوکمی شه‌رعی له‌ سه‌ر که‌سانێک ده‌ر ده‌چی که‌س ناتوانێ له‌ پێناو ئه‌و حوکمه‌دا ده‌نگ ده‌ربڕێ.

   له‌ ڕوانگه‌ی ‌‌عاریف و خواناسی گه‌وره‌ ی سه‌ده‌ی حه‌وته‌م مه‌ولانای ڕۆمی ئه‌و نیعمه‌تانه‌ی خوا به‌ خه‌ڵکانی به‌خشیوه‌ نه‌ک به‌ هۆی لیاقه‌ت و هونه‌ری ئه‌وانه‌، که‌ به‌س به‌ پێی که‌ڕه‌م و به‌خشینی یه‌زدانه‌. به‌ بۆچونی ئه‌م مه‌زنه‌ پیاوه‌ هه‌رچی هه‌مانه‌ له‌ پاره و سامان، له‌ مناڵ و خێزان، له‌ دین و ئیمان هه‌ر هه‌موان هی‌ خوایه‌ و‌ ئێمه‌ به‌و میزان‌ و پێوانه‌ که‌ خوا پێی داوین، حه‌ق و مافمان هه‌یه‌ و به‌س. ئه‌م بیرۆکه‌ی مه‌ولانا له‌ قۆناخی مافناسی و زانستی، کۆمه‌لایه‌تی و سیاسی بۆچونێکی پڕ مه‌ترسیه‌.


    گشتمان ده‌زانین که‌ خه‌لکان له‌ پانتای ماف و کۆمه‌ڵگا و سیاسه‌ت له‌ ته‌ک خوادا به‌ره‌و ڕوو نابین. و خوای بانیسه‌ر له‌ قاپی ئاسمانه‌وه‌ به‌ره‌و ژینگه‌و مه‌کۆی جه‌ماوه‌ر نایه‌ته‌ خوار تا ده‌سهه‌لات به‌ده‌ست بگرێ و مافی به‌ش خوراو و زولم لێکراوان بستێنێ. له‌ ناو سیسته‌مێکدا که‌ دین له‌ گۆره‌پانی حکومه‌ت و سیاسه‌ت تێکه‌لاوه‌ و لێکدراوه‌ سیاسه‌توان و دادوه‌ر ئێژن حوکم، حوکمی خوایه‌ و ئه‌نجام دانی ڕه‌وایه‌. به‌لام به‌م شێوه‌ یاسای کۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌ده‌نی قه‌ت قه‌ت به‌دی نایه‌؛ یانی کۆلکه‌ و ئه‌سڵ و بنه‌ما له‌بان ویستی کۆمه‌لگایه‌ نه‌ۆک ڕاو و بۆچونی زانایانی مه‌لا‌. دادوه‌ر ئه‌شێ به‌پێی یاسا و قانون حوکم ده‌رکا نه‌ک به‌ باوه‌ر و زانستی خۆی. حوکم حوکمی یاسایه‌ نه‌ حوکمی که‌سێک و ئه‌م لاو و ئه‌و لایه‌! یاسا له‌ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و پێش که‌وتوی ئه‌ورۆدا پرۆسه‌یه‌که‌ که‌ له‌ وه‌دی هاتن و بنیاد نانیندا، ڕه‌زامه‌ندی کۆمه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌لک بۆ سه‌قامگیر بوونی عه‌داله‌ت و ئازادی و گه‌یه‌شتن به‌ لووتکه‌ی هه‌ره‌ به‌رزی ئاشتی بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و ده‌سته‌به‌ر کردنی مافه‌ ڕه‌واکانی کۆمه‌لگا گه‌لێک پێویسته‌.

16/09/1388

سه‌ڕچاوه‌ : په‌رتووکی '' ئه‌خلاقی خودایان "ی کاک دوکتور سرووش